ئەگەر وترا : باشترین كات كەیە بۆ شەو نوێژ؟
لە وەڵامدا دەڵێین : ئاشكرایە كەوا كاتی نوێژی ویتر لە پاش نوێژی خەوتنانەوە دەست پێ دەكات تاوەكو دەركەوتنی فەجر , جا كاتی نوێژی ویتر لە نێوان نوێژی خەوتنان و فەجردایە .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی دایكە عائیشە –رەزای خوای لەسەر بێت- دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) لە پاش ئەوەی لە نوێژی خەوتنان دەبویەوە تاوەكو نوێژ فەجر یازدە ركات نوێژی دەكرد , لە نێوان هەر دوو ركاتدا سەلامی دەدایەوە یەك ركات ویتری دەكرد) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(2031) و (موسلیم) بە ژمارە(736) .
بەڵام دەربارەی باشترین كات بۆ شەو نوێژ بریتییە لە : سێ یەكی شەو لە پاش نیوەی .
مەبەست : كەسی موسڵمان شەو دەكاتە چەند بەشێكەوە , لە نیوەی دووەمی شەودا هەڵدەستێ , وە لە كۆتایی شەودا دەخەوێت , واتە : لە (چوارەم و پێنجەم) شەش یەكیدا هەڵدەستێت و لە (شەشەم) شەش یەكیدا دەخەوێت .
بەڵگەش لە سەر ئەمە : فەرموودەكەی (عبدالله بن عمرو) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : خۆشەویسترین رۆژوو لای خوای گەورە رۆژووی (داوود)ە , وە خۆشەویسترین نوێژ لای خوای گەورە نوێژی (داوود)ە , تا نیوەی شەو دەخەوت , ئەمجار سێیەكی هەڵدەستا و شەش یەكی دەخەوت , وە رۆژێك بە رۆژوو دەبوو و رۆژێكی نەدەگرت ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3420) و(موسلیم) بە ژمارە (1159) .
ئەگەر كەسێك ویستی ئەم سوننەتە جێ بە جێ بكات , ئەوا چۆن شەو دەژمێرێت ؟
كاتەكە دەژمێرێت لە رۆژ ئاوابوونەوە تاوەكو دەركەوتنی فەجر , ئەمجار دابەشی دەكاتە شەش بەشەوە , سێ بەشەكەی یەكەم نیوەی یەكەمی شەوە , لە پاش ئەوە هەڵدەستێت , واتە : لە (چوارەم و پێنجەم) شەش یەكیدا هەڵدەستێ , چونكە ئەمە دەكاتە سێ یەك , ئەمجار لە كۆتا شەش یەكیدا دەخەوێت , ئەویش (شەشەم) شەش یەكیەتی , بۆیە دایكە عائیشە فەرموویەتی : هیچ كاتێك سەحەری بەسەردا نەهاتووە –واتە: پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئیللا لای من خەوتبوو) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1133) و(موسلیم) بە ژمارە (742) .
ئا بەم شێوەیە كەسی موسڵمان ها لە باشترین كاتی شەو نوێژدا , هەر وەكو لە فەرموودەكەی (عبدالله بن عمرو) ی– رەزای خوایان لێ بێت- پێشوودا هاتووە .
كورتەی باسەكە : باشترین كات بۆ شەونوێژ دەكرێتە سێ مەرتەبەوە :
مەرتەبەی یەكەم : نیوەی یەكەمی شەو بخەوێت , ئەمجار سێ یەكی هەڵسێت , ئەمجار كۆتا شەش یەكی بخەوێت – هەروەكو لە پێشدا باسكرا-
بەڵگەش لەسەر ئەوە: فەرموودەكەی (عبدالله بن عمرو) ە – رەزای خوایان لێ بێت- كە لە پێشدا باسكرا .
مەرتەبەی دووەم : لە كۆتا سێ یەكی شەودا هەڵسێت .
بەلگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (أبو هریرة) یە – رەزای خوای لێ بێت-, كەوا پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : هەموو شەوێك پەروەردگارمان –بەرز و پیرۆزبێت- دادەبزێتە ئاسمانی دونیا (دابەزینێك شایستەی خوای گەورە بێت) كاتێك سێیەكی كۆتایی شەو دەمێنێت , دەڵێت : كێ لێم دەپاڕێتەوە وەڵامی دەدەمەوە ؟ كێ داوام لێ دەكات پێی ببەخشم ؟ كێ داوای لێخۆشبوونم لێ دەكات لێی خۆش دەبم ؟) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(1145) و(موسلیم) بە ژمارە (758) , هەروەها فەرموودەكەی (جابر) – رەزای خوای لێ بێت - كە لە پاشاندا دێت .
ئەگەر ترسا كەوا لە كۆتایی شەودا هەڵناسێت ئەوا با لە سەرەتاكەیەوە نوێژەكەی بكات , یان لە هەر بەشێكی شەودا بۆی گونجا , ئەمەش مەرتەبەی سێیەمە .
مەرتەبەی سێیەم : لەسەرەتای شەودا نوێژەكەی بكات , یان لە هەر بەشێكی شەودا بۆی گونجا .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (جابر)ە – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : هەركەسێ لەوە ترسا كە لە كۆتایی شەودا هەڵناسێت ئەوا بە لە سەرەتاكەیەوە ویترەكەی بكات وە هەركەسێ تەماحی ئەوەی بوو لە كۆتاییەكەیدا هەڵدەستێت ئەوا با لە كۆتاییەكەیدا هەڵسێت , چونكە نوێژەكەی لە كۆتایی شەودا فریشتەی رەحمەت ئامادەی دەبن , ئەوەش باشترە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(755).
هەروەها لە وەسێتەكەی پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) بۆ (أبو ذر) ئەم باسە دەگرێتەوە (نەسائی روایەتی كردووە لە (السنن الكبرى) (2721) وە الألبانی بە (سهحیح)ی داناوە (الصحيحة 2166) وە لە فەرموودەی (أبو درداء)ەوە هاتووە , ئەحمەد ریوایەتی كردووە بە ژمارە (27481) وە أبو داود بە ژمارە (1433) وە الألبانی بە (سهحیح)ی داناوە (صحيح أبي داود 5/177) وە لە فەرموودەی (أبو هریرة) وە , (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (737) , هەر یەكێك لەوان فەرموویەتی : (خۆشەویستەكەم بە سێ شت وەسێتی پێ كردووم) ئەمجار باسی ئەوەشی كردووە : (وە ویتر بكەم لە پێش ئەوەی بخەوم ) .
ئەمەش تەواوترینە بە بەڵگەی فەرموودەكەی دایكە عائیشە –رەزای خوای لێ بێت- كەوا فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) نە لە رەمەزان و نە لە جگە لە رەمەزان لە یازدە ركات زیاتری نەدەكرد) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1147) و(موسلیم) بە ژمارە (738) .
هەروەها لە پێغەمبەری خواوە (صلَّى الله عليه وسلَّم) هاتووە كەوا سیازدە ركات نوێژی كردووە , ئیمامی (موسلیم) لە سەحیحەكەیدا ریوایەتی كردووە لە فەرموودەی دایكە عائیشەوە –رەزای خوای لەسەر بێت-
ئەمەش لە بابەتی جۆراو جۆر كردنی ویترە , جا زۆربەی جار پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) بە یازدە ركات ویتری دەكرد , وە هەندێ جار سیازدە ركاتی دەكرد , بەم شێوە دەتوانین لە نیوان ئەو فەرموودانەی هاتوون كۆبكەینەوە .
أ/ ئەو فەرموودەیەی لە (سهحیحی موسلیم)دا هاتووە لە دایكە عائیشەوە –رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : ئەگەر لە شەودا هەستایە ئەوا نوێژەكانی بەم زیكرە دەست پێدەكرد : (ئەی خودایە .. پەروەردگاری جبریل و میكائیل و ئیسرافیل , بەدیهێنەری ئاسمانەكان و زەوی , زانای پەنهان و ئاشكرا , تەنها تۆ داوەری دەكەیت لە نێوان بەندەكانتدا لەو شتانەی كە جیاوازییان تێدا بوو , رێنموییم بكە بۆ سەر ئەو رێگە راستەی كە ئەوان تێدا جیاواز بوون بە ئیزنی خۆت , هەر خۆت رێنمویی ئەو كەسانە دەكەیت كە ویستت لە سەری بێت بۆ سەر رێگای راست) (موسلیم) ریوایەتی كردووە (770) .
ب/ ئەوەی لە هەردوو كتێبی (سهحیح)دا هاتووە لە فەرموودەی (ابن عباس)ەوە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : ئەگەر پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە شەودا هەستایە بۆ شەونوێژ ئەوا دەیفەرموو : (ئەی خودایە .. سوپاس و ستایش بۆ تۆیە , تۆ نور و روناكی ئاسمانەكان و زەویت , سوپاس و ستایش بۆ تۆیە , تۆ راگری ئاسمانەكان و زەویت , سوپاس و ستایش بۆ تۆیە , تۆ پەروەردگاری ئاسمانەكان و زەویت و هەموو ئەو شتانەی لە ناویاندایە , هەر تۆ راست و رەوای , بەڵێنەكانت راست و رەوان , وە وتەكانت راست و رەوان , وە گەیشتن بە تۆ راست و رەوایە, وە جەننەت راست و رەوایە و ئاگر راست و رەوایە و پێغەمبەران راست و رەوان و دوارۆژ راست و رەوایە , ئەی خودایە .. خۆم تەسلیمی تۆ كرد و ئیمانم بە تۆ هێنا و پەنام گرت بە تۆ و گەڕامەوە بۆ لای تۆ و داوەری دەگێرمەوە بۆ لای تۆ , بۆیە لە تاوانەكانم خۆشبە ئەوەی كە پێشم خستوە و ئەوەی پاشم خستوە و ئەوەی كە شاردومەتەوە و ئەوەی ئاشكرام كردوە , تۆ خودای منی , هیچ خودایەك نییە شایستەی پەرستن بێت تەنها تۆ نەبێت) (بوخاری) ریوایەتی كردوو بە ژمارە (7499) و (موسلیم) بە ژمارە (768) .
أ/ لە سەر خۆیی و هێمنی بیخوێنێتەوە , مەبەستی ئەوەیە پەلە پەل نەكات لە خوێندنەوەیدا .
ب/ ئایەت ئایەت بە جودا بیخوێنێتەوە , مەبەست لێی : دوو ئایەت نەگەیەنێتە یەكتر , یان سێ ئایەت بە بێ ئەوەی بوەستێت , بەڵكو لەسەر هەموو ئایەتێك بوەستێت .
ج / ئەگەر بە ئایەتی تەسبیحدا تێپەڕی ئەوا (سبحان الله) بكات , وە ئەگەر بە ئایەتی داواكاریدا تێپەڕی داوا بكات , وە ئەگەر بە ئایەتی پەناگرتندا تێپەڕی پەنا بگرێت .
بەڵگەش لەسەر ئەوەی پێشوو :
فەرموودەكەی (حوزهیفە) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : شەوێكیان لە گەڵ پێغەمبەری خوادا (صلَّى الله عليه وسلَّم) نوێژم كرد , بە سورەتی (البقرة) دەستی پێكرد , لە دڵی خۆمدا وتم : لە ئایەتی سەد كرنۆش دەبات كەچی رۆیشت , وتم : ركاتەكەی پێ تەواو دەكات , كەچی رۆیشت : وتم : كرنۆشی پێ دەبات , ئەمجار دەستی كرد بە خوێندنەوەی (النساء) و خوێندییەوە , ئەمجار دەستی كرد بە سورەتی (آل عمران) و خوێندییەوە , بە لەسەر خۆیی و هێمنی دەیخوێندەوە , ئەگەر بە ئایەتی تەسبیحدا تێپەڕیبا ئەوا (سبحان الله)ی دەكرد , وە ئەگەر بە ئایەتی داواكاریدا تێپەڕیبا داوای دەكرد, وە ئەگەر بە ئایەتی پەناگرتندا تێپەڕیبا پەنای دەگرت , ئەمجار كرنۆشی برد و فەرمووی : (سُبْحَانَ رَبِّيَ الْعَظِيمِ) جا كرنۆشەكەی نزیكی وەستانەكەی بوو , ئەمجار وتی : "سَمعَ الله لِمَنْ حَمِدَهُ" ئەمجار زۆر راوەستا , نزیكی كرنۆشەكەی بوو , ئەمجار سوجدەی برد و وتی : (سُبْحَانَ رَبِّيَ الأَعْلَى) جا سوجدەكەی نزیكی وەستانەكەی بوو )
(موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (772) .
وە هەر بە بەڵگەی ئەوەی (ئهحمهد) ریوایەتی كردووە لە (مسند)ەكەیدا , لە فەرموودەی (أم سلمە) – رەزای خوای لەسەر بێت – كاتێ پرسیاری لێكرا دەربارەی خوێندنەوەی پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : ئایەت ئایەت دەیخوێندەوە :{بِسْمِ الله الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ * الحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمِينَ * الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ * مَالِكِ يَوْمِ الدِّيِنِ } ئەحمەد ریوایەتی كردووە بە ژمارە (26583) , (الدارقطني) دەفەرموێت (118) : سەنەدەكەی (سهحیح)ە وهەموویان (سیقه)ن) , وە (النووی) بە سهحیح ی داناوە (المجموع 3/333) .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (إبن عمر) – رەزای خوایان لەسەر بێت – كە فەرموویەتی :كابرایەك هەستا و وتی : ئەی پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) شەونوێژ چۆنە ؟ پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : شەونوێژ دوو ركات دوو ركاتە , ئەگەر لەوە ترسای بەیانیت بە سەردا بێت ئەوا یەك ركات ویتر بكە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (990) و(موسلیم) بە ژمارە (749) .
مەبەست لە : (مَثْنَى , مَثْنَى) واتە : دوو ركات دوو ركات نوێژ دەكات , لە هەر دوو ركاتدا سەلام دەداتەوە, وە چوار ركات ناگەیەنێت بە یەك .
لە ركاتی یەكەمدا : {سَبِّحِ اسْمَ رَبِّكَ الْأَعْلَى} دەخوێنێت , وە لە دووەمدا {قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ} دەخوێنێت , وە لە ركاتی سێیەمدا تەنها {قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ } دەخوێنێت .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (أبي بن كعب) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێـت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) بە (بِسَبِّحِ اسْمَ رَبَّكَ الأَعْلَى , وَقُلْ يَا أَيُّها الكَافِرُوْن , وَقُلْ هُوَ الله أَحَدْ) ویتری دەكرد ) أبوداود ریوایەتی كردووە بە ژمارە(1423) و نەسائی بە ژمارە(1733) و إبن ماجە بە ژمارە (1171) و نەوەوی و الألباني بە (سهحیح) یان داناوە (الخلاصة 1/556) و (صحيح النسائي) 1/273) .
مەبەست لێی لێرەدا : پاڕانەوەیە , ئەویش لە ركاتی سێیەمدا كە سورەتی (الإخلاص) ی تێدا دەخوێنێت .
وە قونوت لە نوێژی ویتردا سوننەتێكە هەندێ جار ئەنجامی داوە , چونكە لەهەندێ لە هاوەڵانەوە سەلمێنراوە , وە هەندێ جار وازی لێ هێناوە. وە ئەمەش هەڵبژاردەی شیخ الاسلام إبن تیمیة یە – رەحمەتی خوای لێ بێـت - باشتر وایە وازهێنان لێی زۆرتر بێت لە ئەنجامدانی.
مەسەلە : ئایە دەستەكانی بەرز دەكاتەوە لە قونوتی ویتردا ؟
رای راست و دروست : دەستەكانی بەرز دەكاتەوە , ئەمەش قسەی جمهوری زانایانە – رەحمەتی خوایان لێ بێت- چونكە لە (ابن عمر)ەوە جێگر بووە , هەروەكو بەیهەقی ریوایەتی كردووە و بە (سهحیح)ی داناوە.
بەیهەقی –رەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت : ژمارەیەك لە هاوەڵان – رەزای خوایان لەسەر بێت- لە قونوتدا دەستەكانیان بەرز دەكردەوە . (تەماشای : السنن الكبرى (2/211) بكە .
مەسەلە : بە چی شتێك قونوتەكەی لەنوێژی ویتردا دەست پێ دەكات ؟
رای پەسەند ئەوەیە - والله أعلم- : بە حەمد و سەنای خوا دەست پێ دەكات و ئەمجار سەڵاوات دەداتە سەر پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) ئەمجار دەپاڕێتەوە , چونكە ئەمە نزیكترە لە وەڵامدانەوە.
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (فهزالهی كوڕی عوبهید) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) گوێی لێ بوو كابرایەك لە نوێژەكەیدا دوعای دەكرد كەچی سەڵاواتی لەسەر پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) نەدا , پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : ئەم كابرایە پەلەی كرد , ئەمجار بانگی كرد و بە ئەو و جگە لە ئەوی گوت : ئەگەر یەكێكتان نوێژی كرد ئەوا با حەمد و سەنای خوا بكات , ئەمجار سەڵاوات لەسەر پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) بدات , ئەمجار لە پاش ئەوە بە ویستی خۆی دوعا بكات ) (الترمذي) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3477) و دەڵێت : ئەم فەرموودەیە (حسن صحيح)ە.
ابن القیم – رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : موستەحەببە لە دوعادا ئەو كەسەی دوعاكە دەكات پێش داواكارییەكەی بە حەمد و سەنای خوای گەورە دەست پێ بكات , ئەمجار داوای پێداویستییەكەی بكات هەروەكو لە فەرموودەكەی (فهزالهی كوڕی عوبهید)دا هاتووە (تەماشای الوابل الصيب (ل 110) بكە .
مەسەلە : ئایە لە پاش قونوت دەموچاوی بە دەستەكانی دەسڕێت ؟
رای راست و دروست ئەوەیە : سوننەت نییە دەموچاوی بسڕێت لە پاش كۆتایی دوعاكەی , چونكە هیچ بەڵگەیەك لەسەری نەهاتووە .
پرسیار كرا لە ئیمامی مالك – رەحمەتی خوای لێ بێت- كەسێك بە دەستەكانی دەموچاوی دەسڕێت لە پاش دوعا , ئەویش ئینكاری لێ كرد و فەرمووی : (نەمزانیوە هیچ بەڵگەیەك هەبێت) تەماشای : (كتاب الوتر للمروزي) بكە (ل 236).
شیخ الاسلام – رەحمەتی خوای لێ بێت – دەفەرموێت : مەسحی دەموچاو بە دەستەكانی هیچ شتێك دەربارەی نەهاتووە تەنها یەك فەرموودە یان دووان كە ئەوانیش ناكرێنە حوججە). تەماشای: الفتاوى بكە (22/519) .
لەو سوننەتانەی دوپاتكراونەتەوە لە كۆتایی شەودا پاڕانەوەیە , جا ئەگەر لە قونوتەكەی كۆتایی شەودا پاڕایەوە ئەوا بەسیەتی , وە ئەگەر نەپاڕایەوە ئەوا سوننەتە لەم كاتەدا بپارێتەوە , چونكە ئەوە كاتێكە وەڵام دانەوەی دوعای تێدا دووپاتكراوەتەوە ,چونكە كاتی دابەزینی خوای گەورەیە بۆ ئاسمانی دونیا بە شێوازێك لایەقی زاتی مەزنی خۆی بێت , لە هەردوو كتێبی (سهحیح)دا هاتووە لە فەرموودەی (أبو هریرة)ەوە – رەزای خوای لەسەر بێت – كەوا پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : هەموو شەوێك پەروەردگارمان –بەرز و پیرۆزبێت- دادەبزێتە ئاسمانی دونیا (دابەزینێك شایستە و لایەقی خۆی بێت ) كاتێك سێیەكی كۆتایی شەو دەمێنێت , دەڵێت : كێ لێم دەپاڕێتەوە وەڵامی دەدەمەوە ؟ كێ داوام لێ دەكات پێی دەبەخشم ؟ كێ داوای لێخۆشبوونم لێ دەكات لێی خۆش دەبم ؟ ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(1145) و(موسلیم) بە ژمارە (758) .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (ئوبهی بن كعب)ە – رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە نوێژی ویتردا {سَبِّحِ اسْمَ رَبِّكَ الأَعْلَى}وَ{قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ} وَ{قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ} دەخوێند , وە ئەگەر سەلامی دایەوە دەیفەرموو : (سُبْحَانَ الْمَلِكِ الْقُدُّوسِ ثَلاَثَ مَرَّاتٍ) سێ جار )) نەسائی ریوایەتی كردووە ( 1702) . (النووي) و(الألبانی ) بە سهحیحی دەزانن , هەروەكو لە پێشدا باسكرا , وە لە فەرموودەكەی (عبدالرحمن بن أبزى) – رەزای خوای لێ بێت – (وە لە سێیەم (سبحان الملك القدوس)دا دەنگی بەرز دەكردەوە) ئەحمەد ریوایەتی كردووەبە ژمارە(15354) و نەسائی بە ژمارە(1734) و الألبانی بە (سهحیح) داناوە (تحقيق مشكاة المصابيح 1/ 398) .
جا سوننەتە پیاو خێزانەكەی هەڵسێنێت , بۆ شەو نوێژ , هەروەها ئافرەتیش ئەگەر هەستا ئەوا سوننەتە پیاوەكەی هەڵسێنێت , هەروەها هەموو ئەهلەكەی بۆ ئەو مەبەستە , ئەمەش لە رووی هاوكاری كردنی یەكترە لەسەر چاكە .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی دایكە عائیشە ¬– رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) هەموو شەوێك كە نوێژەكەی دەكرد , منیش لە نێوان خۆی و قیبلەدا راكشابووم , جا ئەگەر بیویستایە ویتر بكات ئەوا منی هەڵدەستان و ویترەكەم دەكرد) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (512) و(موسلیم) بە ژمارە (512) .
وە لە (أم سلمة)ەوە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : شەوێكیان پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە خەو هەستا و دەیفەرموو : پاكی و بێگەردی بۆ خوا ، ئەمشەو چی شتێك لە گەنجینەكان دابەزیون و چی شتێك لە فیتنەكان دابەزیون ، ، خێزانەكانم هەڵسێنن بۆ ئەوەی نوێژ بكەن ، رەنگە كەسێكی داپۆشراو لە دونیادا رووت بێت لە دوارۆژدا) . (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(6218) .
لە سوننەتدا هاتووە كەوا ئەو كەسەی شەونوێژ دەكات ئەو كارە بكات كە بۆ خۆی سووك و ئاسانە , بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر خشوعەكەی نەبێت .
ئەگەر تووشی بێزاری بوو ئەوا بە دانیشتنەوە نوێژەكەی دەكات .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی ئەنەس – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) چووە ناو مزگەوتەوە و حەبلێك درێژ كرابووەوە لە نێوان دوو كۆڵەكەدا , فەرمووی : ئەمە چییە ؟ وتیان : هی زەینەبە نوێژ دەكات , جا ئەگەر تووشی تەمبەڵی هات یان بێزار بوو ئەوا دەستی پێوە دەگرێت , فەرمووی : بیكەنەوە , با هەر یەكێكتان بە چست و چالاكییەكەی خۆی نوێژ بكات , جا ئەگەر تەمبەڵی گرتی یان بێزار بوو با دانیشێت) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1150) و (موسلیم) بە ژمارە (784) .
وە ئەگەر تووشی خەوەنوچكە هات ئەوا با بخەوێت , بۆ ئەوەی بە چست و چالاكی هەستێت و لە پاش ئەوە نوێژ بكات .
بە بەڵگەی فەرموودەی دایكە عائیشە – رەزای خوای لەسەر بێت – كەوا پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : ئەگەر یەكێكتان تووشی خەوەنوچكە هات لە نوێژەكەیدا ئەوا با بخەوێت تاوەكو خەوەكەی لەسەر نەمێنێ , چونكە ئەگەر یەكێكتان نوێژ بكات لە كاتێكدا توشی خەوەنوچكە هاتبێت ئەوا رەنگە لە جێی داوای لێخۆشبوون جوێن بە خۆی بدات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(212) و(موسلیم) بە ژمارە(786) .
هەروەها ئەگەر تووشی خەوەنوچكە و نمونەی ئەوە هات لە كاتێكدا لە شەودا قورئانی دەخوێند ئەوا سوننەتە بخەوێت بۆ ئەوەی بە هێز ببێتەوە .
بە بەڵگەی فەرموودەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لەسەر بێت – كەوا پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : ئەگەر یەكێكتان شەو هەستا و لە خوێندنەوەی قورئاندا زمانی دەچوو بە یەكدا و نەیدەزانی چی دەڵێت ئەوا با راكشێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (787) .
ئەگەر عادەتی وابووە سێ ركات ویتر بكات كەچی خەوی لێكەوت یان نەخۆش كەوت و نەیتوانی نوێژەكەی بكات , ئەوا بە رۆژ چوار ركات دەكات , وە ئەگەر عادەتی وابووە پێنج ركات بكات كەچی خەوی لێكەوت یان نەخۆش كەوت ئەوا بە رۆژ شەش ركات دەكات , ئا بەم شێوەیە , وە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئەو كارەی دەكرد , وە لەبەر ئەوەی لە عادەتی وابووە كە یازدە ركات ویتری دەكرد , ئەوا دایكە عائیشە دەربارهی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : ئەگەر خەوی لێ بكەوتایە یان توشی ئازارێك بوایە لە شەونوێژەكەیدا ئەوا بە رۆژ دوازدە ركات نوێژی دەكرد)(موسلیم) ریوایەتی كردووە (746) .