languageIcon
بحث
بحث
beforeFajronColorIcon / پێشەكی/ ( ژمارەى ڕكاتەكانى 3 (سونه‌ن) )
brightness_1 چەند نمونەیەك لەسەر سووربوونی سەلەف لەسەر سوننەت :

1/ ئیمامی (موسلیم) لە سەحیحەكەیدا ریوایەتی كردووە لە فەرموودەی(النعمان بن سالم) لە (عمرو بن أوس)ەوە -رەزای خوایان لەسەر بێت – دەڵێت : (عنبسة بن أبي سفیان) بۆی گێڕامەوە , وتی : گوێم لێ بوو (أم حبیبة) دەیفەرموو : گوێم  لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (هەركەسێ لە شەو رۆژێكدا دوازدە ركات نوێژی كرد , ئەوا بەهۆیەوە لە بەهەشتدا خانوویەكی بۆ دروست دەكرێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(1727) (أم حبیبة) دەفەرموێت : (لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە پێغەمبەری خوداوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) هەرگیز وازم لێ نەهێناوە) وە (عنبسة) دەڵێت : (لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (أم حبیبة)وە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە).

وە (عمرو بن أوس) دەڵێت : لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (عنبسة)وە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە.

وە (النعمان بن سالم) دەڵێت : لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (عمرو بن أوس)ەوە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە.

 

2/ فەرموودەكەی (عەلی) -رەزای خوای لێ بێت- :

كەوا – فاتيمە - شكایەتی حاڵی خۆی كرد بە هۆی دەساڕەوە كە تووشی دەستەكانی دەبێت, چەند كەنیزەكێكیان بۆ پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هێنا بوو , ئەویش چوو بۆ لای باوكی كەچی نەیبینی , بە عائیشە گەیشت و هەواڵەكەی پێ گوت , كاتێ پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) گەڕایەوە , عائیشە هەواڵی پێدا بە هاتنی (فاتيمە) بۆ لای , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هات بۆ لامان , لە كاتێكدا ئێمە چووبوینە ناو جێگەی خۆمانەوە , ویستمان هەڵسین , پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : لە جێگای خۆتان بمێننەوە , ئەمجار لە نێوانماندا دانیشت تاكو هەستم بە ساردی پێی كرد لەسەر سینگم , ئەمجار فەرمووی: ئایە شتێكتان فێر بكەم باشتر بێت لەوەی داواتان كردبوو؟ ئەگەر چوونە سەر جێگاكەتان ئەوا سی و چوار جار بڵێن (الله أكبر) وسی و سێ جار بڵێن (سبحان الله) و سی و سێ جار بڵێن (الحمد لله) , جا ئەوە باشترە بۆتان لە خزمەتكار) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3705) و (موسلیم) بە ژمارە (2727) .

وە لە ریوایەتێكی تردا هاتووە: عەلی –رەزای خوای لێ بێت- دەفەرموێت : لەو كاتەوە لە پێغەمبەری خوام (صلَّى الله عليه وسلَّم) بیستووە وازم لێ نەهێناوە , پێیان وت : تەنانەت شەوی (سيففین)ش ؟ فەرمووی : تەنانەت شەوی (سيففین)ش) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5362) و (موسلیم) بە ژمارە (2727) .

ئاشكراشە شەوی (سيففین) ئەو شەوەیە كە جەنگەكەی تێدا روویدا , وە عەلی سەركردە بوو تیایدا , لە گەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی نەكرد لە ئەنجامدانی ئەم سوننەتە . 

 

3/ ئیبن عومەر – رەزای خوای لەسەر بێت - نوێژی جەنازی دەكرد و ئەمجار دەرۆیشت و شوێنی نەدەكەوت , گومانی وابوو كە ئەمە سوننەتە كامل و تەواوەكەیە , وە ئەو فەرموودەی كە هاتووە دەربارەی فەزڵی شوێنكەوتنی جەنازە تاوەكو دەنێژرێت پێی نەگەیشتبوو , كاتێ فەرموودەكەی (أبو هریرة)ی پێ گەیشت – رەزای خوای لێ بێت - , پەشیمان بوویەوە لەسەر لە دەستدانی سوننەت , جوان ورد بەرەوە چی كرد ؟

چەند بەردێك بە دەستیەوە بوو دای بە زەوییدا و ئەمجار گوتی : بە راستی كەمتەرخەم بوین لە چەندەها قیرات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1324) وە (موسلیم) بە ژمارە (945) .

ئیمامی نەوەوی – رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : ئەمەش بەڵگەیە لەسەر سوور بوون و حەزی هاوەڵان لەسەر گوێڕایەڵییەكان كاتێ پێیان دەگات , وە خەمخواردنیان لەسەر ئەوەی لە دەستیان دەرچووە هەرچەندە گەورەیی پێگەكەیان نەزانیبێت) . تەماشای (المنهاج 7/15) بكە .

brightness_1 لەبەرهەمەكانی شوێنكەوتنی سوننەت:

برای خۆشەویستم .. شوێنكەوتنی سوننەت چەندین بەرهەمی هەیە , لەوانە : 

1/ گەیشتن بە پلەی خۆشەویستی , جا بە خۆ نزیككردنەوە لە خوای گەورە بە سوننەتەكان (نافیلەكان) بەندە خۆشەویستی خوای گەورە بە دەست دەهێنێ .

إبن القیم – رەحمەتی خوای لێ بێت – دەفەرموێت : خوای گەورە هەرگیز تۆی خۆش ناوی ئیللا مەگەر شوێنی خۆشەویستەكەی بكەویت بەئاشكراو نهێنی , جا ئەگەر باوەڕت بە هەواڵەكانی كرد و گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بویت و وەڵامی بانگەوازەكەیت دایەوە و بە خوایشتی خۆت پێش هەموو شتێكت خست و حوكمی ئەوت پێش حوكمی جگە لە ئەو خست و خۆشەویستی ئەوت پێش خۆشەویستی دروستكراوەكان خست و گوێڕایەڵی ئەوت پێش گوێڕایەڵی جگە لە ئەو خست , وە ئەگەر وا نەبوو ئەوا خۆت ماندوو مەكە و بگەڕێوە لە هەر كوێوە ویستت لێیەتی و بە دوای روناكییەكدا بگەڕێ چونكە تۆ لەسەر هیچ شتێك نیت)) تەماشای (مدارج السالكین 3/37) بكە .

2/ بە دەست هێنانی لەگەڵبوونی خوای گەورە بۆ بەندە , بۆیە خوای گەورە تەوفیقی دەدات بۆ چاكە , بۆیە هیچ شتێك لە ئەندامەكانییەوە دەرناچێت ئیللا ئەوەی خوای گەورە پێی رازییە , چونكە ئەگەر خۆشەویستی بە دەست هێنا ئەوا لە گەڵبوونیش بە دەست دەهێنێ .

3/ وڵامدانەوەی دوعاكان كە بە دەستهێنانی خۆشەویستی لە خۆ دەگرێت , جا هەركەسێ خۆی نزیك كردەوە بە سوننەتەكان ئەوا خۆشەویستی بە دەست دەهێنێ و هەركەسێ خۆشەویستی بە دەست هێنا ئەوا وەڵامی دوعاكان بە دەست دەهێنێ .

وە بەڵگەش لەسەر ئەم سێ بەرهەمە :

فەرموودەكەی (أبو هریرة)یە – رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (خوای گەورە فەرموویەتی : هەركەسێ دژایەتی خۆشەویستێكی من (وەلییەكی من) بكات ئەوا بریاری جەنگی لە گەڵدا دەدەم , وە هیچ بەندەیەك لێم نزیك نەبووەتەوە بە شتێك پێم خۆش بێت وەكو ئەوەی فەرزم كردووە لە سەری , وە بەردەوام بەندەكەم بە ئەنجامدانی سوننەتەكان لێم نزیك دەبێتەوە تاوەكو خۆشم دەوێت , جا ئەگەر خۆشم ویست ئەوا دەبمە ئەو بیستنەی پێی دەبیسێ و ئەو بینینەی پێی دەبینێ و ئەو دەستەی كە كاری پێ دەكات , وە ئەو پێیەی رێی پێ دەكات , ئەو كات ئەگەر داوام لێ بكات پێی دەبەخشم و ئەگەر پەنام پێ بگرێت پەنای دەدەم , وە لە هیچ شتێكدا موتەرەدید نەبوومە لە ئەنجامدانی وەكو تەرەدودم لە نەفسی كەسێكی ئیماندار پێی ناخۆشە بمرێت و منیش پێم ناخۆشە ئازاری بدەم) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (6502) .

4/ پڕكردنەوەی ئەو كەلێن و كەموكورتیانەی لە فەرزەكاندا روویانداوە , جا سوننەتەكان ئەو كەلێنانە پڕ دەكەنەوە كە لە فەرزەكاندا روویان داوە لە هەر خەوش و خەلەلێك .

بەڵگەش لەسەر ئەوە :

فەرموودەكەی (أبو هریرة)یە – رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێت : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (یەكەم شتێك بەندەكان لێپرسینەوەیان لە سەر بكرێت لە رۆژی قیامەتدا لە كردەوەكانی ئەوا نوێژە , جا ئەگەر باش و رێك وپێك بوو ئەوا دەربازی دەبێت و سەركەوتوو دەبێت , بەلآم ئەگەر خراپ بوو ئەوا پەشیمان دەبێتەوە و خەسارەتمەند دەبێت , وە ئەگەر لە فەرزەكانی هەر كەموكورتییەك هەبوو , ئەوا خوای پەروەردگار دەفەرموێت : تەماشای نوێژی عەبدەكەم بكەن بزانە نوێژی سوننەتی تیادایە؟ جا ئەو نوێژە فەرزانەی كەموكورتی تێدا بووە لە سوننەتەكان بۆی پڕ دەكرێتەوە , ئەمجار هەموو كردەوەكانی لەسەر ئەوە بنیات دەنرێت) ئەحمەد ریوایەتی كردووە بە ژمارە (9494) و أبوداود بە ژمارە (864) و الترمذي بە ژمارە (413) وه‌ شه‌یخ ئه‌لبانی بە (سه‌حیح) ی داناوە (سه‌حیح ئه‌لجامیع 1/405)