لە (عمر بن أبو سلمة) – رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێت : (منداڵ بووم لە ماڵی پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ، وە دەستەكانم بە پەلە ئەمسەرو ئەوسەری دەفرەكەی دەكرد , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) پێی وتم : (ئەی منداڵ .. ناوی خوا بهێنە و بە دەستی راست بخۆ و لە پێش خۆتەوە بخۆ) چیتر ئەوە شێوازی خواردنم بووە ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5376) و(موسلیم) بە ژمارە (2022) .
وە ئەگەر وتنی (بسم الله)ی لەبیر چوو : ئەوا سوننەتە هەر كاتێ كەوتە بیری بڵێت : (بە ناوی خوا لە سەرەتاو كۆتاییەكەی).
بە بەڵگەی فەرموودەكەی دایكە عائیشە – رەزای خوای لەسەر بێت –كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان دەستی بە خواردن كرد ئەوا با ناوی خوای گەورە لە سەرەتاوە بهێنێت , جا ئەگەر ناوی خوای لە سەرەتاوە لە بیر چوو ئەوا با بڵێت : بە ناوی خوای گەورە لە سەرەتا و كۆتاییەكەی) أبو داود ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3767) و الترمذي بە ژمارە (1858) و الألباني بە سهحیح ی داناوە هەروەكو لە پێشدا باسكرا .
هەروەها فەرموودەكە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەوا مرۆڤ بە دەستی راستی دەخوات بۆ ئەوەی بەشەیتان نەچوێت , جا كەسی موسڵمان ئەگەر ناوی خوا نەهێنێ ئەوا شەیتان بەشدار دەبێت لە گەڵیدا لە خواردنەكەیدا , وە ئەگەر بە دەستی چەپ بخوات یان بخواتەوە ئەوا خۆی بە شەیتان شوبهاندووە , چونكە شەیتان بە دەستی چەپی و دەخوات و دەخواتەوە .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (عبدالله بن عمر) – رەزای خوای لەسەر بێت –كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (هیچ یەكێك لە ئێوە با بە دەستی چەپی نەخوات و پێی نەخواتەوە , چونكە شەیتان بە دەستی چەپ دەخوات و دەخواتەوە ) دەڵێت : وە نافع ئەمەشی بۆ زیاد دەكرد : (وە پێی وەرنەگرێت و پێی نەبەخشێ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2020) .
وەشەیتان سوورە لەسەر ئەوەی بچێتە ماڵەكانەوە , بۆ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە و بەشدار بێت لە گەڵ ئەهلەكەیدا لە خواردن و خواردنەوە , لە (جابر بن عبدالله) وە –رەزای خوای لەسەر بێـت- هاتووە كەوا گوێی لێ بووە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر هەر كاتێك كەسێك چووە ژوورەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و ناوی خوای هێنا لە كاتی چوونە ژوورەوەی و لە كاتی خواردنیدا , شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەست نەكەوت , بەڵام ئەگەر چووە ژوورەوەو ناوی خوای نەهێنا لە كاتی چوونە ژوورەوەیدا , ئەوا شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتنتان دەستكەوت , وە ئەگەر ناوی خوای نەهێنا لە كاتی خواردنەكەیدا ئەوا –شەیتان- دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەستكەوت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2018) .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (جابر) – رەزای خوای لەسەر بێت- فەرموویەتی : گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : (شەیتان ئامادەی هەموو كاری یەكێكتان دەبێت , تەنانەت ئامادەی كاتی خواردنی دەبێت , جا ئەگەر پاروویەك لە دەستی یەكێكتان كەوتە خوارەوە ئەوا با هەر شتێكی پێوە لكاوە پاكی بكاتەوە و ئەمجار بیخوات , وە با بۆ شەیتانی بە جێ نەهێڵێ , وە ئەگەر تەواوی كرد ئەوا با پەنجەكانی بلێسێتەوە , چونكە ئەو نازانێت لە كام خواردنێدا بەرەكەت هەیە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2033).
ئەگەر هەركەسێ وردبێتەوە لە فەرموودەكە دەبینێ شەیتان سوورە لەسەر بەشداری كردنی مرۆڤ لە هەموو كارەكانیدا , بۆ ئەوەی بەرەكەت لە ژیانیدا داماڵێت , وە زۆربەی كارەكان مرۆڤ خراپ بكات و تێكی بدات , وە ئەوەی بەڵگە بێت لەسەر سووربوونی شەیتان لەوەی هەردەم لە گەڵ بەندەدا دەبێت لە هەموو كارەكانیدا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە(صلَّى الله عليه وسلَّم) كە دەفەرموێت : (شەیتان ئامادەی هەموو كاری یەكێكتان دەبێت)
وە (لعقها) واتە : لێساندنەوەی بە زمانی , جا سوننەتە كەوا بیلێسێتەوە یان جگە لە خۆی وەكو خێزانی بیلێسێتەوە (بە مەرجێ بێزی نەیەتەوە) , بەڵكو سوننەتە دەستەكانی بە دەسڕ یان نمونەی ئەوە نەسڕێت تاوەكو دەیلێسێتەوە .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر)ە – رەزای خوای لێ بێت- كە لە پێشدا باسكرا .
لە هەردوو كتێبی (سهحیح)دا هاتووە لە فەرموودەی (ابن عباس) ەوە كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان نانی خوارد ئەوا با دەستی نەسڕێت تاوەكو دەیلێسێتەوە یان بۆی دەلێسنەوە –بۆ كەسێك بێزی نەیەتەوە-) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5456) و(موسلیم) بە ژمارە (2033) .
وە مەبەست لە (سَلْتُ القَصْعَة) : ئەو كەسەی نانەكە دەخوات لێواری دەفرەكەی پاك بكاتەوە , بۆ نمونە : كەسێك برنج دەخوات , سوننەتە هیچ نەهێڵێ بە لێواری ئەو دەفرەی لێی دەخوات , ئەوەی لێی ماوە دەیسڕێت و دەیخوات , چونكە رەنگە بەرەكەت لەوەدا بێت كە ماوەتەوە بە لێواری دەفرەكەوە.
بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (ئەنەس) ە –رەزای خوای لێ بێت – فەرموویەتی : (وە فەرمانی پێ كردین – واتە : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) - كە دەفرەكە پاك بكەینەوە لەوەی پێوە ماوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(2034) وە لە ریوایەتێكی تردا لە (موسلیم) دا هاتووە لە فەرموودەی (أبو هریرة) وە – رەزای خوای لەسەر بێت - : (وە با هەر یەكێك لە ئێوە دەفرەكە پاك بكاتەوە لەوەی پێوە ماوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2035).
مامۆستامان (ابن عثیمین) –رەحمەتی خوای لێ بێت- فەرموویەتی : بە مانای ئەوەی : ئەو خواردنەی لكاوە بە پەنجەكانتەوە بیلیسیتەوە , جا ئەمەش لەو سوننەتانەیە كە زۆرێك لە خەڵكی لێی بێ ئاگان بە داخەوە تەنانەت قوتابیان زانست و زانیاریش ) تەماشای : شرح رياض الصالحين بكە (1/892) .
سوننەتە بە سێ پەنجە بخوات , ئەمەش بۆ ئەو شتانەیە كە بە سێ پەنجە هەڵدەگیرێت وەكو خورما , بۆیە سوننەتە بە سێ پەنجە بیخوات .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (كعب بن مالك)ە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) بە سێ پەنجە دەیخوارد , وە دەستی دەلێسایەوە پێش ئەوەی بیسڕێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2032) .
سوننەتە لە دەفرەكە بە سێ جار بخواتەوە , وە لە دوای هەر جارێك هەناسە بدات .
بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (أنس)ە – رەزای خوای لەسەر بێت - دەفەرموێت : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە كاتی خواردنەوەدا سێ جار هەناسەی دەدا , وە دەیفەرموو : زیاتر تینویەتی نامێنی و چاكترە و زیانی كەمترە) (ئەنەس) دەڵێت : جا من سێ جار هەناسە دەدەم لە كاتی خواردنەوەدا) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(5631) و (موسلیم) بە ژمارە (2028) .
مەبەست لە هەناسەدان لە دەرەوەی دەفرەكە : هەناسەدان لە كاتی خواردنەوەیدا لە دەفرەكە : بە مانای ئەوەی : لە دەرەوەی دەفرەكە هەناسە بدات , چونكە هەناسەدان لە دەفرەكەدا مەكروهە, بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو قتادة) – رەزای خوای لەسەر بێت – كە لە هەردوو كتێبی (سهحیح)دا هاتووە , دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان خواردییەوە ئەوا با لە دەفرەكەدا هەناسە نەدات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(5630) و (موسلیم) بە ژمارە (267) .
بەڵگەش لەسەر ئەم سوننەتە :
فەرموودەكەی (أنس بن مالك)ـە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (خوای گەورە رازی دەبێت لەبەندە كاتێ خواردنێك دەخوات سوپاسی خوای لەسەر دەكات یان خواردنەوەیەك دەخوات سوپاسی خوای لە سەر دەكات) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2743) .
وە حەمد و سەنای خوا چەند شێوازێكی هەیە , لەوانە :
أ/ (سوپاس و ستایش بۆ خوا سوپاس و ستایشێكی زۆر و پیرۆز و پاك و پڕ بەرەكەت , بە بێ نكۆڵی لێكردن و بە بێ وازلێهێنان و دەستلێهەڵگرتن لە پەروەردگارمان) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5458).
ب/ (سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی كە ناچاری دەستی هیچ كەسێكی نەكردین و تەنها خۆی بەسمانە , تینوێتی شكاندووین بە بێ رەتكردنەوە و نكۆڵی لێكردن) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5459).
(غيرَ مَكفِيٍّ): واتە : پێویستی بە هیچ كەس نەبێت , هەر ئەو بەندەكانی نان دەدات و پێویستیان جێ بە جێ دەكات . (ولا مُودَّع) واتە : وازی لێ نەهێناوە , (كَفَانَا) لە كیفایەتەوە هاتووە , (أرْوَانَا) لە (الرِيّ) ئاودانەوە هاتووە , (وَلَا مَكْفُورٍ) واتە : نكۆڵی نەكردن لە فەزڵ و نیعمەتەكانی .
سوننەتە كۆبوونەوە لەسەر خواردن بكرێت و جیاوازی نەكرێت تێیدا .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله)یە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (خواردنی كەسێك بەشی دوو كەس دەكات , وە خواردنی دوو كەس بەشی چوار كەس دەكات , وە خواردنی چوار كەس بەشی هەشت كەس دەكات) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2059) .
سوننەتە : ستایشی خواردنەكە بكات ئەگەر پێی باش بوو , گومانیشی تێدا نییە ستایشی ناكات ئیللا بەوەی تێیدا بێت .
بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله)یە – رەزای خوای لەسەر بێت – (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) داوای پێخۆرێكی كرد لە خێزانەكانی , وتیان : هیچ شتێكیمان لە ماڵدا نییە تەنها خەڵ نەبێت , ئەویش داوای كرد و دەیخوارد و دەیفەرموو : باشترین پێخۆر خەڵە , باشترین پێخۆر خەڵە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2052) , وە (خەڵ) جۆرێكە لە پێخۆر لای ئەوان , ئەویش شیرینە و تورش نییە , وەكو ئەو خەڵەی لای خۆمان .
مامۆستامان (ابن عثیمین) – رەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت : هەروەها ئەمەش لە رێبازی پێغەمبەری خوایە(صلَّى الله عليه وسلَّم) كەوا ئەگەر خواردنێكی بە دڵ بوایە ئەوا ستایشی دەكرد , هەروەها بۆ نمونە ئەگەر ستایشی نان بكەیت , دەڵێیت : باشترین نان نانی بەنی فلانە , یان لە نمونەی ئەوە , هەروەها ئەمەش لە سوننەتی پێغەمبەری خوایە (صلَّى الله عليه وسلَّم) (تەماشای (شرح رياض الصالحين بكە 2/1057)
ئەوەی لە واقیعی ئەمڕۆمان وردبێتەوە دەبینێ زۆربەی خەڵكی كەوتونەتە ناو ناكۆكی لە گەڵ سوننەتدا , جا ئەوان تەنها بە وازهێنان لە سوننەت رانەوەستاون , بەڵكو جیاواز و ناكۆك بوون لە گەڵیدا , بەوەی خواردنەكە عەیبدار دەكەن , وە هەندێ جار زەمی دەكەن , ئەمەش جیاوازە لە گەڵ رێبازەكەی پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم), لە هەردوو كتێبی (سهحیح)دا هاتووە لە فەرموودەی (أبو هریرة) وە فەرموویەتی : (هەرگیز پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هیچ چێشتێكی عەیبدار نەدەكرد , ئەگەر حەزی لێ بوایە ئەوا دەیخوارد و ئەگەر نا ئەوا وازی لێ دەهێنا) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3563) و(موسلیم) بە ژمارە (2064) .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (عبدالله بن بسر)ـە – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) بووە میوانی باوكم , ئێمەش خواردن و (وەتبە) مان پێشكەش كرد , ئەویش لێی خوارد , ئەمجار خورمایان بۆ هێنا , ئەویش دەیخوارد و ناوكەكانی دەخستە نێوان پەنجەكانییەوە , پەنجەی شایەتمان و ناوڕاستی لە یەك نابوو , ئەمجار خواردنەوەیەكیان بۆ هێنا ئەویش خواردیەوە , ئەمجار دای بەو كەسەی لای راستییەوە بوو , دەڵێت: باوكم وتی – لە كاتێكدا رەشمەی وڵاخەكەی گرتبوو - : -ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) - دوعامان بۆ بكە , ئەویش فەرمووی : (ئەی خودایە .. بەرەكەت بڕژێنە بە سەر ئەو رۆزییەی داوتنەتێ و لێیان خۆشبە و بەزەییت پێیاندا بێتەوە ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2042)
وە وەتبە (الوَطْبَة) : ئەو خواردنەیە كە لە تێكەڵ كردنی خورمای بورنی و كەشكی كوتراو (هاڕاو) و رۆن دروست دەكرێت .
وە مەبەست لێی : ئەگەر شتێكی خواردەوە ئەوا سوننەتە بیداتە كەسی لای راستی پێش چەپی .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (أنس بن مالك)ـە –رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێـت : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هات بۆ میوانیمان لە ماڵی خۆماندا , داوای ئاوی كرد (داوای خواردنەوەیەكی كرد) , ئیمەش مەڕێكمان بۆ دۆشی , ئەمجار لە گەڵ ئاوی ئەم بیرەماندا تێكەڵم كرد , دەڵێت : منیش دام بە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم), پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لێی خواردەوە و ئەبو بەكر لای راستییەوە و عومەر بەرانبەری و كەسێكی دەشتەكی لای راستیەوە بوو , عومەر وتی : ئەوە ئەبو بەكرە ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ، دەیویست پیشانی بدات , كەچی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دای بە كابرای دەشتەكی , وە وازی لە ئەبو بەكر و عومەر هێنا , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : لای راستەكان , لای راستەكان , لای راستەكان) (واتە : ئەوانەی لای راستانن پێشیان بخەن) ئەنەس دەڵێت : جا ئەوە سوننەتە , سوننەتە , سوننەتە ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2571) و(موسلیم) بە ژمارە (2029) .
سوننەتە ئەو كەسەی ئاو دەداتە كۆمەڵێك خۆی دوایین كەس بخواتەوە.
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودە درێژەكەی (أبو قتادة)یە – رەزای خوای لەسەر بێت , وە تێیدا هاتووە : فەرمووی :(جا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئاوی تێ دەكرد و منیش پێیانم دەدا , تاوەكو هیچ كەسێك نەمایەوە تەنها من و پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) نەبێت , ئەمجار دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئاوی تێكرد و پێی وتم : بخۆرەوە , وتم : ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) من ناخۆمەوە تاوەكو تۆ نەخۆیتەوە , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : ئەوەی ئاو دابەش دەكات دوایین كەس دەخواتەوە , دەڵێت : منیش خواردمەوە و پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) خواردییەوە ...) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (681) .
سوود بەدەست هاتوویەك : سوننەتە هەركەسێ شیر بخواتەوە لە پاش خواردنەوە ئاو لە دەمی وەردات , بۆ ئەوەی ئەو چەورییەی لە دەمیدا ماوەتەوە بە هۆی شیرەكەوە نەیهێڵێ , بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (إبن عباس) – رەزای خوایان لەسەر بێت – (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) شیری خواردەوە , ئەمجار داوای ئاوی كرد و ئاوی وەردایە دەمی و فەرمووی : ئەم شیرە چەوری تێدایە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (211) و(موسلیم) بە ژمارە (358) .
سوننەتە دەفرە سەر واڵاكان داپۆشرێن لە كاتی هاتنی شەودا و گرتن و داخستنی كوننەكان ( إیكاء : واتە : گرتنی ئەگەر جێی گرتنی هەبوو ) وە ناوی خوا هێنان لەو كاتەدا .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (دەفەرەكان داپۆشن و دەمی كونەكان بگرن , لە ساڵێكدا شەوێك هەیە نەخۆشی تێدا دادەبەزێت , بە سەر هیچ دەفرێكدا تێناپەڕێت سەرپۆشی نەبێت , یان كونەیەك دەمی نەگیرا بێت , ئیللا ئەو نەخۆشییەی دادەبەزێتە سەر ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2014) هەروەها لە (بوخاری) دا هاتووە لە فەرموودەی (جابر)ەوە – رەزای خوایان لەسەر بێت- (دەمی كونەكانتان بگرن و ناوی خوا بهێنن و دەفرەكانتان داپۆشن و ناوی خوا بهێنن , هەرچەندە ئەگەر تەنها شتێك بە سەریدا بدەن) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5623).