چەند نمونەیەك لەسەر سووربوونی سەلەف لەسەر سوننەت :
1/ ئیمامی (موسلیم) لە سەحیحەكەیدا ریوایەتی كردووە لە فەرموودەی(النعمان بن سالم) لە (عمرو بن أوس)ەوە -رەزای خوایان لەسەر بێت – دەڵێت : (عنبسة بن أبي سفیان) بۆی گێڕامەوە , وتی : گوێم لێ بوو (أم حبیبة) دەیفەرموو : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (هەركەسێ لە شەو رۆژێكدا دوازدە ركات نوێژی كرد , ئەوا بەهۆیەوە لە بەهەشتدا خانوویەكی بۆ دروست دەكرێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(1727) (أم حبیبة) دەفەرموێت : (لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە پێغەمبەری خوداوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) هەرگیز وازم لێ نەهێناوە) وە (عنبسة) دەڵێت : (لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (أم حبیبة)وە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە).
وە (عمرو بن أوس) دەڵێت : لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (عنبسة)وە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە.
وە (النعمان بن سالم) دەڵێت : لەو كاتەوە گوێم لەم فەرموودەیە بووە لە (عمرو بن أوس)ەوە هەرگیز وازم لێ نەهێناوە.
2/ فەرموودەكەی (عەلی) -رەزای خوای لێ بێت- :
كەوا – فاتيمە - شكایەتی حاڵی خۆی كرد بە هۆی دەساڕەوە كە تووشی دەستەكانی دەبێت, چەند كەنیزەكێكیان بۆ پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هێنا بوو , ئەویش چوو بۆ لای باوكی كەچی نەیبینی , بە عائیشە گەیشت و هەواڵەكەی پێ گوت , كاتێ پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) گەڕایەوە , عائیشە هەواڵی پێدا بە هاتنی (فاتيمە) بۆ لای , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هات بۆ لامان , لە كاتێكدا ئێمە چووبوینە ناو جێگەی خۆمانەوە , ویستمان هەڵسین , پێغەمبەری خوا (صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : لە جێگای خۆتان بمێننەوە , ئەمجار لە نێوانماندا دانیشت تاكو هەستم بە ساردی پێی كرد لەسەر سینگم , ئەمجار فەرمووی: ئایە شتێكتان فێر بكەم باشتر بێت لەوەی داواتان كردبوو؟ ئەگەر چوونە سەر جێگاكەتان ئەوا سی و چوار جار بڵێن (الله أكبر) وسی و سێ جار بڵێن (سبحان الله) و سی و سێ جار بڵێن (الحمد لله) , جا ئەوە باشترە بۆتان لە خزمەتكار) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3705) و (موسلیم) بە ژمارە (2727) .
وە لە ریوایەتێكی تردا هاتووە: عەلی –رەزای خوای لێ بێت- دەفەرموێت : لەو كاتەوە لە پێغەمبەری خوام (صلَّى الله عليه وسلَّم) بیستووە وازم لێ نەهێناوە , پێیان وت : تەنانەت شەوی (سيففین)ش ؟ فەرمووی : تەنانەت شەوی (سيففین)ش) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5362) و (موسلیم) بە ژمارە (2727) .
ئاشكراشە شەوی (سيففین) ئەو شەوەیە كە جەنگەكەی تێدا روویدا , وە عەلی سەركردە بوو تیایدا , لە گەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی نەكرد لە ئەنجامدانی ئەم سوننەتە .
3/ ئیبن عومەر – رەزای خوای لەسەر بێت - نوێژی جەنازی دەكرد و ئەمجار دەرۆیشت و شوێنی نەدەكەوت , گومانی وابوو كە ئەمە سوننەتە كامل و تەواوەكەیە , وە ئەو فەرموودەی كە هاتووە دەربارەی فەزڵی شوێنكەوتنی جەنازە تاوەكو دەنێژرێت پێی نەگەیشتبوو , كاتێ فەرموودەكەی (أبو هریرة)ی پێ گەیشت – رەزای خوای لێ بێت - , پەشیمان بوویەوە لەسەر لە دەستدانی سوننەت , جوان ورد بەرەوە چی كرد ؟
چەند بەردێك بە دەستیەوە بوو دای بە زەوییدا و ئەمجار گوتی : بە راستی كەمتەرخەم بوین لە چەندەها قیرات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1324) وە (موسلیم) بە ژمارە (945) .
ئیمامی نەوەوی – رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : ئەمەش بەڵگەیە لەسەر سوور بوون و حەزی هاوەڵان لەسەر گوێڕایەڵییەكان كاتێ پێیان دەگات , وە خەمخواردنیان لەسەر ئەوەی لە دەستیان دەرچووە هەرچەندە گەورەیی پێگەكەیان نەزانیبێت) . تەماشای (المنهاج 7/15) بكە .