بەڵگەش لەسەر ئەوە :
أ/ فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : (خۆشەویستم ڕایسپاردم بۆ سێ شت ، گرتنی ڕۆژوی سێ ڕۆژ لە هەموو مانگێكدا ، وە دوو ڕكات نوێژی چێشتەنگاو ، وە پێش ئەوەی بخەوم نوێژی ویتر بكەم) هەروەها پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) وەسێتی بۆ (أبو الدرداء) كردووە –رەزای خوای لەسەر بێت- (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (722) هەروەها وەسێتی بۆ (أبو ذر) كردووە , نەسائي لە (السنن الكبرى) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2712) وە الألباني بە (سهحیح)ی داناوە (الصحيحة 2166) .
ب/ فەرموودەكەی (أبو ذر) – رەزای خوای لەسەر بێت- لە پێغەمبەری خواوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (هەموو جومگەیەك لە هەموو رۆژێكدا سەدەقەیەكی لەسەرە , هەموو (سبحان اللە)یەك سەدەقەیە , هەموو (الحمد لله)یەك سەدەقەیە , هەموو (لا الە الا اللە)یەك سەدەقەیە , هەموو (اللە أكبر)ێك سەدەقەیە , وە فەرمانكردن بە چاكە سەدەقەیە و نەهی كردن لە خراپە سەدەقەیە , وە دوو ركاتی نوێژی چێشتەنگاو جێی هەموو ئەوانە دەگرێتەوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (720) .
وە جومگە (السلامی) : بریتییە لەو ئێسكانەی لە یەكتر جیان .
وە لە (صحيح مسلم)دا هاتووە لە فەرموودەی دایكە عائیشەوە – رەزای خوای لەسەر بێت – روونكردنەوەی ئەمەی تێدایە كەوا هەموو مرۆڤێك سێ سەد و شەست جومگەی بۆ دروست كراوە , وە هەر كەسێ بە ژمارەی ئەوانە سەدەقە ئەنجام بدات ئەوا ئەو رۆژە رێ دەكات بە سەر زەویدا و نەفسی خۆی لە ئاگری دۆزەخ دوورخستوەتەوە .
كاتەكەی: كاتی نوێژی چێشتەنگاو دەست پێ دەكات لە : بەرزبوونەوەی رۆژ بە ئەندازەی رمێك – واتە : پاش دەرچوون لە كاتی نەهیكراو –
وە لە پێش زەوال كۆتایی پێ دێت –واتە: پێش چوونە كاتی نوێژی نیوەڕۆ بە دە خولەك .
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (عمرو بن عبسة) - رەزای خوای لەسەر بێت- (نوێژی بەیانی بكە , ئەمجار واز لە نوێژ بهێنە كاتێ رۆژ دەردەچێت تاوەكو بەرز دەبێتەوە ... ئەمجار نوێژ بكە , چونكە لەو كاتەدا فریشتەكانی ئامادەی دەبن , تاوەكو سێبەری رمەكە كەم دەبێـتەوە , ئەمجار واز لە نوێژ بهێنە , چونكە ئەو كاتە دۆزەخ تاودەدرێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (832) .
وە باشترین كاتەكەی: كۆتا كاتەكەیەتی , كاتێ كە گەرمییەكەی زۆر دەبێـتەوە.
بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (زید بن أرقم) – رەزای خوای لەسەر بێت – كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (نوێژی گوێڕایەڵ و ئەوابەكان كاتێ كە خۆری چێشتەنگاو گەرم دەبێت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (748) .
ابن باز – رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : مانای (تَرْمضُ) واتە : گەرمای خۆرەكەی لەسەر توند دەبێت , وە (الفِصَال) واتە: بەچكە وشتر , ئەویش لەو نوێژانەیە كە لە كۆتا كاتیدا بكرێت چاكترە (تەماشای : فتاوى إسلامیة بكە 1/515) .
كەمترین ركاتی نوێژی چێشتەنگاو : دوو ركاتە , بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لەسەر بێت – كە لە هەردوو (سهحیح)دا هاتووە : (خۆشەویستەكەم بە سێ شت وەسێتی پێ كردووەم , - تێیدا هاتووە – وە دوو ركات نوێژی چێشتەنگاو) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1981) و (موسلیم) بە ژمارە (721) .
بەڵام زۆرترین ركاتەكانی نوێژی چێشتەنگاو لەسەر رای راست و دروست : بۆ زۆرترینەكەی سنووری نییە , بە جیاواز لە گەڵ ئەو كەسانەی بە هەشت ركات سنوورداریان كردووە , جا بۆی هەیە لەو هەشت ركاتە زیاتر بكات تا دەتوانێت , بە بەڵگەی فەرموودەكەی دایكە عائیشە – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) چوار ركات نوێژی چێشتەنگاوی دەكرد , ئەمجار تا ویستی خوای لەسەر بوایە نوێژی دەكرد) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (719) .